بەنداو مێزۆپتامیا دەخینکێنێ

کورته: تورکیا بە شێوازێکی تەکووزمەند کاری لەسەر دامەزراندنی بەنداوەکان کردووە و لە لایەکی دیکەوە وەک کارتێکی گوشار لە ئاست بە سووریا و عێراق بە کاریان دەهێنێت. هەروەها، بەشێکی گرینگ لە مێژووی گەلانی ڕەسەنی ئەم هەرێمە بەم هۆیەوە بن ئاو کەوتوون و شێوازێک لە سڕینەوەی ڕەگەزی و نەتەوەییش دێتە ئاراوە. بۆ میناک، لە ئاکامی “گەڵاڵەی گاپ” بەشێکی زۆر لە ئاسەوارە مێژووییەکانی “حەسەن کەیف” سەرەڕای بوونیان لە ڕیزی ئاسەوارە نێونەتەوەیییەکان لە ناو چوون و جیا لە دەوڵەتی تورکیا چەندین وڵاتی دیکە و بەتایبەت ئیسراییل کە بوودجەی ئەم گەڵاڵەیان دابین کردووە، تاوانبارن.

🔻 شۆڕشی پیشەسازی پەرەسەندن، دەرهێنان بۆ بەرهەم هێنانی زێدەتر، بڵاوە و تەشەنەسەندنی پیسکەرەکان لە دەوروبەری کارگە و شوێنەکانی ژیانی لەگەڵ خۆی هێنا. کار بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو، خەڵکێکی زۆری شارنشین و هاوکات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاستی داواکارییەکانی بەرز کردەوە. لە لایەک شارنشینی وەکوو هێمایەک لە مۆدێڕنیتە و پێشکەوتن هۆی پەروەردەکردنی کۆمەڵگایەکی بەکاربەر و لەلایەکی دیکەوە جووڵان لە گوند بۆ شار خێراییەکی بەرچاوی بە گۆڕانی ژینگە و سرووشتی دەوروبەری جڤاتە مرۆڤییەکان دا. هەربۆیە، ئەمڕۆکە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەرکەوتوو لە ئاکامی دەست تێوەردانەکانی جێ حاشا کردن نییە.

🔻بڵاو بوونەوەی ئاستێکی زۆری “دی ئۆکسیدی کەربۆن” و “پیسکەرەکان” جیهان لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا تووشی قەیرانە ژینگەییەکان دەکات. جیاواز لە کێشە ئاماژە پێکراوەکان، قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوی قەیرانێکی لەغاو پچڕاوە کە لە ئێستاوە دیاردەکانی خۆی نیشان دەدات. سەرەڕای ئەوەی کە زێدەتر لە ٧٠ لە سەدای گۆی زەوی بە ئاو داپۆشراوە بەڵام تەنیا ٧/٢ لە سەدای ئەم ئاوە لە ڕیزی ئاوە شیرینەکان بۆ بەکار هێنان جێ دەگرن. هەست کردنی ئەم قەیرانە ئاڵۆز و پڕکێشەیە پێداویستی بە گرتنە پێشی گەڵاڵە و ڕێکارە درێژخایەنەکان لە گۆڕی پاراستنی ژینگە هەیە. کەوایە “پەرەسەندنی بەردەوام” وەکوو پێوەر و بنەمایەکی سەرەکی کە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسەی کردووە دەتوانێ بە کەڵک و ژیانبەخش چاوی لێ بکرێ.

🔻“فائۆ” پێناسەیەک کە لە “پەرەسەندنی بەردەوام” خستوویەتی بەردەستەوە بریتییە لە ئەوەی کە: “ڕێوەبەرایەتی و پاراستنی بنەچەیی و گونجاوی سەرچاوە سرووشتییەکان و کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆژیا و دابونەریتەکان بە شێوازێک کە ئەم متمانەیە دەستەبەر ببێ کە پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ هەتا هەتا، لە ئێستادا و بۆ بەرەی داهاتوو وەدی، بێ”. لەڕاستیدا، “پەرەسەندنی بەردەوام “لە وتەزا هاوبەشە کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەییەکاندا کردەوەیی دەبێ. کەوایە، بۆ پێش گرتن لە دەرکەوتنی دیاردە نەخوازراوەکان لەسەر ژیانی جڤاتە مرۆڤی و گیاندارەکان دەبێ بە شێوازێکی لۆژیکی کار لەسەر ئەم خاڵانە بکرێ.

🔻وڵاتانی پیشەسازی بە درێژایی سەدەکانی ١٨ و ١٩ دەست تێوەردانێکی نەرێنی و زۆریان لەناو ژینگە بووە. پێشبڕکێ بۆ بەرهەم هێنانی زێدەتر بەبێ پچڕانەوە یا ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ بۆ گەیشتن بە داهاتی سەرەوە و پێوەرەکانی ژیانێکی بەکاربەر، ژینگەی ڕووبەڕووی دیاردە و قەیرانی جۆراوجۆر کردووە. بەشێوازێک کە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێش گرتن لە دەست تێوەردانی زێدەتر، ڕێوەبەرایەتی ئاستی پیسکەرەکان یا پرسی “ئاو” چەندین خاڵی دەست نیشان کردووە. بە پێی خاڵەکان “۵، ۶ و ٧” پەیماننامەی یاساکانی کەڵک وەرگرتن لە ئاوە نێونەتەوەیییەکان پەسەندکراوی١٩٩٧ ئەم ڕێکخراوەیە: “وڵاتانی سەرەوەی ڕووبارە نێونەتەوەیییەکان مافی درووستکردن و کردەوەیی گەڵاڵە ژێرخانە ئاوییەکانیان لە بەشی سەرووی ڕووبار بە شێوازێک کە هۆی ئاڵۆزی و خەسارە کارتێکەر و مەترسیدارەکان بۆ وڵاتانی خوارەوەی ڕووبار بێ، نییە”.

🔺کێشەی کەم ئاوی و بێ ئاوی یەکێک لە بەرچاوترین دیاردەکانی ئەم قەیرانەیە. گرێدراو بەم پرسە هاوسەنگییەکی ناڕێک لە وڵاتە بەرەو پێشکەوتنەکان لە نێوان پەرەسەندن و قەوارەکانی بەرەو لە ناوچوون بەدی دەکرێ. ئاوێکی بەرچاو بە هۆی ڕێکارە کۆنەکانەوە بەفیڕۆ دەچێ و لە بنەڕەتدا دەست پێوەڕاگرتنێکی تەکووزمەند ڕەچاو ناکرێ.گەرم بوونی گۆی زەوی لە تەنیشت کەم بوونەوەی بارینەکان و گۆڕانی بارین لە بەفرەوە بۆ باران دابەزینی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و هاوکات تەشەنەسەندنی ویشکە ساڵی لە پانتاییەکانی نێوەڕاستی گۆی زەوی ئەم قەیرانەی قووڵتر کردووە.

بەنداو مێزۆپتامیا دەخینکێنێ
ئەرسەلان بۆرنا

قبلی «
بعدی »

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

اخبار