ریگا کوردستان – سرویس بین الملل /هەولێر
رۆژی سێشەممە ۵-۷-۲۰۱۶ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کرد.
لە پەیامەکەدا هاتووە “جارێکی تر جەخت لە ناوەڕۆکی پەیامەکەم بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکان لە ۲۳ـی ۶ـی ۲۰۱۶ دەکەمەوە و هیوادارم دوای جەژن حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و لەسەر ڕیفراندۆم و پەیوەندیی هەرێم و بەغدا بگەنە کۆدەنگییەکی نیشتیمانی و لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمیش چارەسەرێک بدۆزنەوە”.
دهقی پهیامهکە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم مسوڵمانانی کوردستان بەتایبەتی و عێراق و جیهان بەگشتی، دەکەم.
پیرۆزبایی گەرم له خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و هەروەها سەرجەم کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان، دەکەم.
لەم بۆنە پیرۆزەدا جارێکی تر جەخت لە ناوەڕۆکی پەیامەکەم بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکان لە ۲۳ـی ۶ـی ۲۰۱۶ دەکەمەوە و هیوادارم دوای جەژن حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و لەسەر ڕیفراندۆم و پەیوەندیی هەرێم و بەغدا بگەنە کۆدەنگییەکی نیشتیمانی و لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمیش چارەسەرێک بدۆزنەوە.
لە خوای گەورە داواکارم ڕۆژوو و عیبادەتی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی لەهەموو مسوڵمانان قبوڵ کردبێ و پشت و پەنای پێشمەرگە قارەمانەکانمان بێت و گەلەکەشمان بگاتە ئاواتی لەمێژینەی خۆی و کۆتایی بە هەموو ناخۆشییەکان بێت.
مسعود بارزانی
۳۰ـی ڕەمەزان ۱۴۳۷ـی کۆچی
۵ـی۷ـی۲۰۱۶