ریگا کوردستان – بشی ژنان
ئه‌سما بن قاده، هاوسه‌ری پێشووی شێخ یوسف قه‌ره‌زاوی، سه‌رۆکی یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی جیهان، له باره‌ی به‌رنامه‌یه‌کی قه‌ره‌زاوی، که باسی ئه‌وی کردووه رایگه‌یاند، قسه‌کانی پهشۆکاوییان پێوه‌دیاره و هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی کردووه، که پێویست به وه‌ڵامدانه‌وه ده‌که‌ن.
وه‌ک رۆژنامه‌ی “شروقی”ی جه‌زائیر ئاماژه‌ی بۆ کردووه، ئه‌سما، هه‌ندێک له قسه‌کانی شێخ ره‌تده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: “به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌ر له هاوسه‌رگیری به‌ڵێنم پێنه‌داوه که جگه له‌و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ هیچ پیاوێکی دیکه ناکه‌م”.
هاوسه‌ری پێشووی قه‌ره‌زاوی، ناوه‌ڕۆکی نامه‌یه‌کی شێخ بڵاوده‌کاته‌وه، که به‌ر له هاوسه‌رگیری به ده‌ستوخه‌تی خۆی بۆی ره‌وانه کردووه و تێیدا، شێخ یوسف قه‌ره‌زاوی بۆ ئه‌سما نووسیویه‌تی: “ئه‌وه یه‌که‌م نامه‌یه که به ده‌ست و قه‌ڵه‌می خۆمه ده‌ینووسم، ئه‌ی خۆشه‌ویستی گیان، هێورکه‌ره‌وه‌ی دڵ، بیبله‌ی چاوم، بۆ ئه‌وه‌ی تێیدا راشکاوانه باس له‌و خۆشه‌ویستییه بکه‌م، که به درێژایی پێنج ساڵ له ناخی خۆمدا شاردوومه‌ته‌وه”.
شێخ قه‌ره‌زاوی له‌نامه‌که‌یدا نووسیویه‌تی: “ئایا ئه‌وه ته‌نها خۆشه‌ویستی مامۆستایه‌که بۆ قوتابییه‌که‌ی، یا خۆشه‌ویستی باوکێک بۆ کچه به‌سۆزه‌که‌ی یاخود شتێکی جیاوازتر له‌وانه”.
ده‌ستنووسه‌که‌ی قه‌ره‌زاوی، که به‌ر له هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئه‌سما نووسیویه‌تی، هه‌ر به ته‌نها به وه‌سفی خۆشه‌ویستییه‌که‌ی نه‌وه‌ستاوه و به‌ڵکو وه‌سفی شێوه و جه‌سته‌ی ئه‌سماش ده‌کات و نووسیه‌تی: “گه‌وره‌ترین ناو، شیرین‌ترین وێنه و جوانترین رووخسار، ناسکترین جه‌سته، پاکترین دڵ و سازگارترین ده‌نگ”.
هه‌روه‌ها تێیدا هاتووه: “ئێستا من له پێشنوێژی راده‌که‌م، بیرکردنه‌وه له تۆ تووشی هه‌ڵه‌م ده‌کات، له‌و نوێژانه‌ی بۆ نوێژه هه‌ڵه‌کان ده‌یکه‌م، له‌وێشدا هه‌ر هه‌ڵه ده‌که‌م”