• صفحه خانگی
  • >
  • کوردی
  • >
  • وتاری قوباد تاڵەبانی لە ڕێوڕەسمی ڕاپۆرتی میترۆ سەبارەت بەپێشێلکاری ڕۆژنامەنووسان

وتاری قوباد تاڵەبانی لە ڕێوڕەسمی ڕاپۆرتی میترۆ سەبارەت بەپێشێلکاری ڕۆژنامەنووسان

  • توسط
  • ۱۳۹۵-۱۰-۲۵
  • ۰

ریگا کوردستان -بەشی ماف

بەڕێزان بەڕێوەبەرو ئەندامانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان..
بەشدارانی مەڕاسیمی ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی ساڵانەی “ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە ھەرێمی کوردستان”.
ئەم کاتەتان باش و سڵاوتان لێبێت..
دەستخۆشی لە سەنتەری میترۆ دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە کە لەیەک کاتدا بەرچاو روونی بەئێمەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەدات سەبارەت بەدۆخی ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان و عیراق.
ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە ھەرێمەکەمان بە قۆناغی جیا جیادا تێپەڕی و بەداخەوە ڕۆژنامەنووسان ڕووبەرووی چەندین ڕێگری و توندوتیژیی و پێشێلکاری بوونەوە، لەم ڕێگایەشدا ژمارەیەک شەھیدو قوربانی لێکەوتەوە، قوربانیەکانیش باجی داکۆکین لە ئازادی و دیموکراسی.
بێگومان دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن لەسەر ڕۆژنامەنووسان دەبێتە ھۆکاری ونبوونی ڕاستیەکان و گەیاندنی زانیاری بەشێوەیەکی ناتەندروست، لە ھەمانکاتدا، ڕۆژنامەنووس گەر بێت و ھەواڵی ناڕاست بڵاو بکاتەوە و پشت بەسەرچاوەی ناڕاست ببەستێت، بەمەبەست بێت یا بێ مەبەست، ئەویش دەبێتە فاکتەرێک بۆ چەواشەکاری و تەماوی کردنی ڕاستیەکان تا ئاستی دروست بوونی پشێوی..
دەسەڵات و ڕۆژنامەنووس لە ھاوکێشەیەکدا تەواوکەری یەکترن، ھەم دەبێت دەسەڵات کەشێکی لەبار درووست بکات بۆ ئازادی ڕادەربرین و دەسکەوتنی زانیاریەکان و بنبر کردنی ترس و تۆقاندن، و ھەمیش دەبێت ڕۆژنامەنووس و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن درک بەبەرپرسیاریەتی سەر شانیان بکەن لە بڵاوکراوەکانیاندا، ئێمە بڕوامان وایە کە حکومەت و ڕۆژنامەنووس لەبەجێ گەیاندنی ئەرکی دروستی سەرشانیان دەبێت ھاوکاری یەکتر بن نەک دژ.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
وەک حکومەت، کار لەسەر کەمکردنەوە، تا سفر کردنی ئەو داتا و ئامارانە دەکەین کە باس لە پێشێلکاری دژ بە ڕۆژنامەنووسان دەکەن، حەزو ویستی ئێمە ئەوەیە ھیچ ڕووداوێکی نەخوازراو دژ بە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران تۆمار نەکرێت و کارەکان وەک ئاوی ڕووبار بە بەڕێرەوی خۆیاندا تێبپەرن بەبێ لەمپەر..
مافی بەدەستھێنانی زانیاری کۆڵەکەیەکی گرنگە بۆ تەندروستر کردنی ڕەوش و کاری ڕۆژنامەگەری، بەو باوەڕەی شەفاف بوون لە پێدانی زانیاری ڕاست، بەشێوەیەکی ئاسان و، ئاشکراکردنیان لەلایەن حکومەتەوە، ڕۆژنامەنووس لە بیرۆکەی جیاجیای ناتەندروست بەدوور دەگرێت، ھەربۆیە ئێستا تیمێکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی لەماوەیەکی کورتدا سستمێک بۆ جێبەجێکردنی یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری ئامادە بکەن و لەمساڵدا بەشێوەیەکی پراکتیکی ئەو یاسایە بۆ خزمەتی ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران بەبێ جیاوازی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەو دەزگا فەرمیە حکومیەکان ڕادەسپێردرێن کە بەپێی ئەو سستمە زانیاری پێویست بدەنە دەزگا میدیاییەکان.
لە کۆتاییدا..
لێرەوە دەمەوێ دەستخۆشیتان لێ بکەم و سوپاسی سەنتەری میترۆ و ڕێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی IMS و ھەموو ئەو رێکخراو و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانە بکەم کە ھاوکاری حکومەت دەبن بۆ کارا کردنی یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری کە ئێمەش بە ھەموو توانایەکمانەوە پاڵپشتی دەکەین بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێکی تری شەفافیەت و دواجار دەبێتە ھۆیەک بۆ نەھێشتنی گەندەڵی، ئەو ئەرکەی کە ئێستا کاری لە پێشینەی حکومەتە بۆ دەرباز بوون لەو گرفت و قەیرانانەی ڕوویان کردۆتە کوردستان.
دووبارە سوپاستان دەکەم و ھەموو کات بەندە پاڵپشت و ھاوکاری ئێوە و ھەموو ڕۆژنامەنووسانم بۆ دەرخستنی ڕاستیەکان..
ھەرشاد و سەربەرزو سەرکەوتوو بن.

قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆک وەزیران
١۴ ی کانونی دووەمی ٢٠١٧

قبلی «
بعدی »

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

اخبار