تاریخ انتشار : 19 اکتبر 2019
بەپێی هەواڵی ریگای کوردستان ڕۆژی پێنجشەمە ۱۷ی تشرینی یەکەمی ۲۰۱۹ لە کاتێکدا ۸ ڕۆژ بە سەر هێرشەکەی تورکیا دژی کوردی سووریا تێدەپەڕێت مستەفا بالی وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە توێتێکدا ڕایگەیاند تورکیا دەستی داوەتە تاوانی شەڕ و نیشانەی زۆر هەن کە دەیسەلمێنێت لە سەرێکانی چەکی قەدەغەکراو بەکار دەهێنێت.
وتەبێژی هەسەدە داوای لە کۆمەڵگەی دەولی کرد خەمسارد نەبن و پێویستە لایەنە پێوەندیدارەکان بێنە مەیدان و تاوتوێی بابەتەکە بکەن.
مستەفا بالی نووسیی: ۸ ڕۆژی بەسەر بەرخۆدانی هێزەکانی ئێمە بەرانبەر بە هێرشی قورسی ئاسمانی و زەمینیی تورکیا لە سەرێکانی تێدەپەڕێت. بەگوێرە ئەو داتا و زانیارییانەی لەو شارە گەمارۆداروەوە گەشتۆتە دەستمان، وای بۆ دەچین چەکی ڕێگەپێنەدراو دژی شەڕڤانانی سوپای دیموکرات بەکار هێنراوە. بۆیە داوا لە ڕێکخراوە دەولییەکان ئەکەین بۆ تاوتوێ کردنی برینی برینداران تیمەکانیان بنێرنە ئێرە.”
شایانی باسە لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستانی سووریا پێی نایە ڕۆژی نۆیەم و بۆردومانی ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا بە تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بەردەوامە و ئەو سوپایە بە پاڵپشتیی میلیشیا توندڕەوەکانی سوپای ئازاد هەوڵ دەدات لە ناوچەی سەرێکانییەوە پێشڕەویی زەمینی ئەنجام بدات و زانیاری و هەواڵی دژبەیەکی فراوان لەو بارەیەوە بڵاو بۆتەوە بەڵام لە ئەنجامدا وا دەردەکەوێت تا ئەم کاتەش سوپای ئازاد و گرووپی توندڕەوی سەربەو سوپایە نەیانتوانیوە دزە بکەنە نێۆ شارەکان و بەرخۆدانی هێزە کوردییەکان لە چەندین میحوەرەوە بەردەوامە.